زەبوورەکان 20
BIB1 با یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا بە دەنگتەوە بێت، با ناوی خودای یاقوب بتپارێزێت. 2 با لە پیرۆزگاکەیەوە یارمەتیت بۆ بنێرێت و لە سییۆنەوە پشتگیریت بکات. 3 با هەموو قوربانییەکانی تۆی لەبیربێت و هەموو قوربانی سووتاندنەکانی تۆ قبوڵ بکات. 4 با ئارەزووی دڵت بهێنێتە دی و هەموو مەبەستەکانت بە ئەنجام بگەیەنێت. 5 هەلهەلە لێدەدەین بۆ ڕزگاربوونت و بە ناوی خودامانەوە ئاڵا بەرز دەکەینەوە. با یەزدان هەموو داواکارییەکانت بەجێبهێنێت. 6 ئێستا زانیم کە یەزدان دەستنیشانکراوەکەی ڕزگار دەکات، لە پیرۆزگا ئاسمانییەکەی خۆیەوە بە دەنگییەوە دێت، بە توانای ڕزگاریی دەستی ڕاستی. 7 هەندێک شانازی بە گالیسکە دەکەن و هەندێک بە ئەسپ، بەڵام ئێمە شانازی بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمان دەکەین. 8 ئەوان چەمانەوە و کەوتن، بەڵام ئێمە هەستاین و چەسپاین. 9 ئەی یەزدان، پاشا ڕزگار بکە! کە لێت دەپاڕێینەوە بەدەنگمانەوە وەرە!
