Menu

زەکەریا 13

BIB

1 «لەو ڕۆژەدا کانییەک بۆ بنەماڵەی داود و بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکرێتەوە بۆ پاککردنەوەیان لە گوناه و گڵاوی.» 2 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، ناوی بتەکان لە خاکەکەدا ڕیشەکێش دەکەم و ئیتر یادیان ناکرێتەوە. هەروەها پێغەمبەرەکان و ڕۆحی گڵاو لە خاکەکە ڕادەماڵم. 3 وای لێدێت ئەگەر کەسێک پێشبینی بکات، ئەوا دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، پێی دەڵێن: “دەبێت بمریت، چونکە بە درۆ بە ناوی یەزدانەوە قسەت کردووە.” ئینجا کاتێک پێشبینی دەکات دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، بە خەنجەر لێی دەدەن. 4 «ئینجا لەو ڕۆژەدا هەر پێغەمبەرێک بە پێشبینی بینینەکەی شەرمەزار دەبێت. جلی پێغەمبەران کە کەوای موودارە لەبەری ناکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن. 5 هەریەکە و دەڵێت: “من پێغەمبەر نیم. من کابرایەکی جوتیارم، چونکە هەر لە منداڵیمەوە خاک سەرچاوەی بژێویم بووە." 6 ئەگەر کەسێک بپرسێت: “ئەم برینانە چین لە جەستەت؟” ئەویش وەڵام دەداتەوە: “ئەوەیە کە لە ماڵی دۆستانم پێی بریندار بووم." 7 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ئەی شمشێر، لە دژی شوانەکەم هەستە، لە دژی ئەو پیاوەی لەگەڵمە! لە شوانەکە بدە، مەڕەکان پەرت دەبن، پاشان دەستم لە بچووکەکان بەرز دەکەمەوە.» 8 یەزدان دەفەرموێت: «ئینجا لە هەموو زەوی، دوو لەسەر سێیان لێیان دەدرێت و دەمرن، یەک لەسەر سێ تێیدا دەمێنێتەوە. 9 ئەو یەک لەسەر سێیەش دەخەمە ناو ئاگرەوە، وەک زیو دەیانپاڵێوم، وەک زێڕ تاقییان دەکەمەوە. ئەوان بە ناوی منەوە نزا دەکەن و منیش وەڵامیان دەدەمەوە، من دەڵێم: “ئەوان گەلی منن،” ئەوانیش دەڵێن: “یەزدان خودای ئێمەیە."»

Everything we make is available for free because of a generous community of supporters.

Donate