Menu

زەبوورەکان 98

BIB

1 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، گۆرانییەکی نوێ، چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە. دەستی ڕاست و بازووی پیرۆزی، سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە. 2 یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند، ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست. 3 خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی، بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل. هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا، ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی. 4 ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان، بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن. 5 بە قیسارە مۆسیقا بۆ یەزدان بژەنن، بە قیسارە و دەنگی گۆرانی. 6 بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا، هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا. 7 با دەریا و هەرچی تێیدایە، با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن. 8 با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن و هەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن، 9 لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات، بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات، گەلانیش بە دادپەروەری.

Everything we make is available for free because of a generous community of supporters.

Donate