Menu

زەبوورەکان 95

BIB

1 وەرن، هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین، هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان. 2 بە ستایشەوە بچینە بەردەمی، بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین. 3 لەبەر ئەوەی یەزدان خودایەکی گەورەیە، پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە. 4 قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە و لووتکەی شاخەکان هی ئەون. 5 دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە، بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا. 6 وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین، لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین، 7 چونکە ئەو خودامانە و ئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین، مەڕی دەستی ئەوین. ئەگەر ئەمڕۆ گوێتان لە فەرمایشتی یەزدان بێت کە دەفەرموێت: 8 «دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا، وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا لە بیابان، 9 لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە، هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی، بەڵام هەر تاقییان کردمەوە. 10 چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم، فەرمووم: “ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە و ڕێگای منیان نەناسی." 11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد: “نایەنە ناو حەسانەوەی من."»

Everything we make is available for free because of a generous community of supporters.

Donate