زەبوورەکان 80
BIB1 ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە، ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل، ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت ، بدرەوشێوە 2 لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە. پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە، بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە. 3 ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە، ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت. 4 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟ 5 تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون، فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون. 6 دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان، ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن. 7 ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە، ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت. 8 دار مێوێکت لە میسرەوە گواستەوە، نەتەوەکانت وەدەرنا و چاندت. 9 خاکت بۆ ئامادە کرد، ڕەگ و ڕیشەیت داکوتا، زەوی پڕکرد. 10 سێبەرەکەی چیاکانی داپۆشی، چڵەکانی ئورزە گەورەکان. 11 لقی هەتا دەریا هاویشت، پۆپکەکانی بۆ دەم ڕووبار . 12 بۆچی شووراکانیت ڕووخاند تاکو هەر ڕێبوارێک لێی بکاتەوە؟ 13 بەرازی دارستان وێرانی دەکات، زیندەوەرەکانی کێڵگە لەسەری دەلەوەڕێن. 14 ئەی خودای سوپاسالار بمانگەڕێنەوە! لە ئاسمانەوە سەیر بکە و ببینە! ئەم دار مێوە بەسەربکەوە، 15 ئەو قەدەی دەستی ڕاستت چاندوویەتی، ئەو کوڕەی بۆ خۆت بەهێزت کردووە. 16 سووتاوە و بە ئاگر بڕاوەتەوە، بە سەرزەنشتی ڕووی تۆ گەلەکەت لەناودەچێت. 17 با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت، لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە. 18 ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە، بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین. 19 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە! ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
