زەبوورەکان 58
BIB1 ئەی فەرمانڕەوایان، ئایا لە ڕاستیدا بە ڕاستودروستی بڕیار دەدەن؟ ئایا دادپەروەرانە حوکمی ئادەمیزاد دەکەن؟ 2 بەڵکو ئێوە لە دڵەوە کار بە خراپە دەکەن، هەروەها دەستتان توندوتیژی لەسەر زەوی ئەنجام دەدات. 3 بەدکاران لە کاتی لەدایکبوونەوە گومڕان، لە سکی دایکیانەوە درۆ دەکەن. 4 ژەهریان وەک ژەهری مارە، وەک ماری کۆبرا کە کەڕە و گوێی خۆی داخستووە، 5 کە ئاوازی ئەفسونگەران نابیستێت، هەرچەندە بە شارەزاییش ئەفسون بکەن. 6 ئەی خودایە، ددانیان لە دەمیان بشکێنە، ئەی یەزدان، کەڵبەی شێران وردوخاش بکە! 7 با بتوێنەوە و وەک ئاو بڕۆن، با تیرەکانیان بشکێت کاتێک کەوان ڕادەکێشن. 8 وەک لولپێچ کە دەتوێتەوە کاتێک دەڕوات، وەک منداڵی لەبارچوو، با خۆر نەبینن. 9 پێش ئەوەی مەنجەڵەکانتان هەست بە ئاگری دڕکەکان بکەن، چ تەڕ بن چ وشک بن، خراپەکانیان ڕادەماڵرێت. 10 کەسی ڕاستودروست کە تۆڵە دەبینێت شاد دەبێت، پێی خۆی بە خوێنی خراپەکار دەشوا. 11 ئینجا خەڵکی دەڵێن: «بێگومان کەسی ڕاستودروست پاداشتی هەیە، بێگومان خودایەک هەیە کە دادگایی زەوی دەکات.»
