زەبوورەکان 46
BIB1 خودا پەناگا و هێزمانە، لە تەنگانەدا زۆر بەهاناوە دێت. 2 بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت، ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە، 3 ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات، چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن. 4 ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا شاد دەکات، ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە. 5 خودا لە ناوەڕاستدایە، بۆیە هەرگیز ناکەوێت، لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت. 6 نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون، خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە. 7 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە، خودای یاقوب پەناگامانە. 8 وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن، ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە. 9 جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان، کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات، گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت. 10 «هێوربنەوە، بزانن کە من خودام، لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە، لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.» 11 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە، خودای یاقوب پەناگامانە.
