زەبوورەکان 4
BIB1 ئەی خودای ڕاستودروستم، کە لێت دەپاڕێمەوە وەڵامم بدەوە. لە تەنگانەدا بە هانامەوە وەرە، لەگەڵم میهرەبان بە و گوێ لە نوێژەکەم بگرە. 2 ئەی خەڵکینە، هەتا کەی شکۆی من دەگۆڕن بە شورەیی؟ هەتا کەی حەز لە قسەی پووچ دەکەن و بەدوای درۆدا دەگەڕێن؟ 3 بەڵام بزانن کە یەزدان دڵسۆزەکانی بۆ خۆی تەرخان کردووە. یەزدان گوێم لێ دەگرێت کاتێک لێی دەپاڕێمەوە. 4 کاتێک تووڕە دەبن، گوناه مەکەن، بەڵام کە لەسەر نوێنەکانتانن لە دڵی خۆتاندا لێکی بدەنەوە و بێدەنگ بن. 5 قوربانیی ڕاستودروست بکەن و پشت بە یەزدان ببەستن. 6 زۆر کەس دەڵێن: «کێ چاکەمان نیشان دەدات؟» ئەی یەزدان، با ڕووناکی ڕووی تۆ بەسەرماندا هەڵبێت . 7 تۆ خۆشییەکی وات خستووەتە دڵی منەوە زۆر لەوانە زیاترە کە دانەوێڵە و شەرابیان زۆرە. 8 ئەی یەزدان، بە ئاشتی پاڵ دەدەمەوە و دەخەوم، چونکە تەنها تۆ بە ئاسوودەیی نیشتەجێم دەکەیت.
