زەبوورەکان 32
BIB1 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە، گوناهەکانی داپۆشراوە. 2 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە. 3 کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا، ئێسقانەکانم پووکانەوە، لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ. 4 لەبەر ئەوەی بە شەو و بە ڕۆژ، دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو، تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین. 5 ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و تاوانم ناشارمەوە. گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.» تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت. 6 بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە، بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ. 7 تۆ پەناگای منیت، لە تەنگانە دەمپارێزی و بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت. 8 خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت، ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم. 9 وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن، بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت، بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە. 10 بەدکارەکان ئازاریان زۆرە، بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت، خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.» 11 ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن، ئەی هەموو دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!
