زەبوورەکان 26
BIB1 ئەی یەزدان، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە، چونکە بەبێ کەموکوڕی ژیاوم، پشتم بە یەزدان بەستووە، بەبێ دوودڵی. 2 ئەی یەزدان، تاقیم بکەوە، بمخە ناو لێکۆڵینەوە، مێشک و دڵم بپشکنە، 3 چونکە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆم لەبەرچاوە، بە ڕاستیی تۆ ڕەفتار دەکەم. 4 لەگەڵ فێڵبازان دانانیشم، تێکەڵی دووڕووان نابم. 5 ڕقم لە کۆمەڵی بەدکاران دەبێتەوە و لەگەڵ خراپەکار دانانیشم. 6 دەستەکانم دەشۆم تاکو بێتاوانیم دەربخەم، ئەی یەزدان، بە دەوری قوربانگاکەتدا دەسووڕێمەوە و 7 بە دەنگی بەرز ستایشت دەکەم و هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم. 8 ئەی یەزدان، ئەو ماڵەم خۆشدەوێت کە تۆ تێیدا دەژیت، ئەو شوێنەی کە شکۆی تۆی تێدا نیشتەجێیە. 9 گیانم لەگەڵ گوناهباران کۆ مەکەوە، ژیانم لەگەڵ خوێنڕێژان، 10 ئەوانەی کە دەستیان بە خراپە پیس بووە، ئەوانەی دەستی ڕاستەیان پڕ لە بەرتیلە. 11 بەڵام من بەبێ کەموکوڕی ژیاوم، بمکڕەوە و لەگەڵم میهرەبان بە. 12 پێم لەسەر زەوییەکی تەختە، لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی یەزدان دەکەم.
