Menu

زەبوورەکان 149

BIB

1 هەلیلویا! گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن، ستایشی لەناو کۆڕی خۆشەویستانیەتی. 2 با ئیسرائیل بە دروستکەری دڵخۆش بێت، با کوڕانی سییۆن بە پاشایان شاد بن. 3 با بە هەڵپەڕکێ ستایشی ناوی بکەن، بە دەف و قیسارە مۆسیقای بۆ بژەنن، 4 چونکە یەزدان دڵشادە بە گەلەکەی، بێفیزەکان بە ڕزگاری دەڕازێنێتەوە. 5 با خۆشەویستانی بەم شکۆمەندییەوە شاد بن، با لەناو نوێنەکانیان گۆرانی بڵێن. 6 با ستایشکردن بۆ خودا لەسەر زاریان بێت، شمشێری دوودەمیان بەدەستەوە بێت، 7 بۆ ئەوەی تۆڵە لە نەتەوەکان بکەنەوە، گەلان سزا بدەن، 8 بۆ ئەوەی پاشاکانیان بە زنجیر ببەستنەوە، کۆت بکەنە دەستی پیاوماقوڵانیان، 9 بۆ ئەوەی حوکمی نووسراویان بەسەردا جێبەجێ بکەن. ئەمەش شکۆمەندییە بۆ هەموو خۆشەویستانی. هەلیلویا.

Everything we make is available for free because of a generous community of supporters.

Donate