پەندەکانی سلێمان 31
BIB1 قسەی لەموئێلی پاشا، ئەو سروشەی کە دایکی فێری کرد: 2 گوێ بگرە ڕۆڵە! گوێ بگرە، ڕۆڵەی هەناوم! گوێ بگرە ڕۆڵە، ڕۆڵەی نەزرەکانم! 3 هێزت مەدە ژنان، ڕێگاکانیشت مەدە ژنانی لەناوبەری پاشایان. 4 ئەی لەموئێل، بۆ پاشایان نییە، بۆ پاشایان نییە شەراب بنۆشن، بۆ میرانیش نییە ئارەزووی ئارەق بکەن، 5 نەوەک بخۆنەوە و یاسا لەبیر بکەن، مافی ستەملێکراوان زەوت بکەن. 6 ئارەق بدە بەوەی لەناودەچێت، شەرابیش بەوانەی دەروونیان تاڵە. 7 با بخواتەوە و هەژارییەکەی لەبیر بکات، ئیتر ماندووبوونەکەی نایەتەوە یاد. 8 بەرگری لە مافی ئەو کەسانە بکە کە ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن، بۆ مافی هەموو دەربەدەران. 9 دەمت بکەرەوە و بە ڕاستودروستی دادوەری بکە، پارێزگاری لە مافی کڵۆڵان و نەداران بکە. 10 کێ ژنی خانەدانی دەست دەکەوێت؟ نرخی لە یاقووت گرانترە. 11 مێردەکەی بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت و لە هیچی کەم نابێت. 12 ژنەکە بە درێژایی ژیانی چاکە دێنێتە سەر ڕێی نەک خراپە. 13 خوری و کەتان هەڵدەبژێرێت، بە دوو دەستی پەرۆشەوە ئیش دەکات. 14 وەک کەشتی بازرگان وایە، خۆراکی خۆی لە دوورەوە دەهێنێت. 15 هێشتا شەوە لە خەو هەڵدەستێت، خواردن بۆ ماڵەوە ئامادە دەکات و ئەرک بۆ کارەکەرەکان دیاری دەکات. 16 لە کێڵگەیەک ورد دەبێتەوە و دەیکڕێت، بە قازانجی دەستی ڕەزەمێوێک دەچێنێت. 17 ناوقەدی توند دەبەستێت و بازووی لێ هەڵدەکات. 18 دەبینێت بازرگانییەکەی چاکە، بە شەو چرای ناکوژێتەوە. 19 خوری بە بازوویەوە دەئاڵێنێت و تەشی لەناو لەپیدایە. 20 دەستەکانی بۆ کڵۆڵ دەکاتەوە و دەست درێژ دەکات بۆ نەداران. 21 ترسی ماڵەکەی نییە لە بەفر، چونکە هەموو ماڵەکەی بەرگی ئاڵیان لەبەردایە. 22 چەرچەف بۆ نوێنەکەی دروستدەکات، کەتانی ناسک و ڕیسی ئەرخەوانی لەبەر دەکات. 23 مێردی لە دەروازەکانی شاردا ناسراوە، لەوێ لەگەڵ پیرانی شارەکە دادەنیشێت. 24 ژنەکە کراسی کەتان دروستدەکات و دەیفرۆشێت، پشتێن بۆ بازرگانان دابین دەکات. 25 هێز و ڕێز بەرگی ئەون، پێدەکەنێت بۆ ڕۆژانی ئاییندە. 26 دەمی بە دانایی دەکاتەوە و فێرکردنەکانی میهرەبانی لەسەر زمانییەتی. 27 چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵەکەی دەکات، نانی تەمبەڵی ناخوات. 28 منداڵەکانی هەڵدەستن و خۆزگەی پێ دەخوازن، مێردەکەشی ستایشی دەکات: 29 «زۆر ژن خانەدان بوونە، بەڵام تۆ لە سەرووی هەموویانی.» 30 شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە، بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت، ستایش دەکرێت. 31 ڕەنجی شانی خۆی پێ بدەن و با کردەوەکانی لەبەر دەروازەکانی شاردا ستایشی بکەن.
