مەتا 19
BIB1 کاتێک عیسا لەم قسانە بووەوە، جەلیلی بەجێهێشت و هاتە هەرێمی یەهودیا، لەبەری ئەوبەری ڕووباری ئوردون. 2 خەڵکێکی زۆر دوای کەوت، ئەویش لەوێ چاکیکردنەوە. 3 هەندێک فەریسی هاتنە لای بۆ ئەوەی تاقیی بکەنەوە و گوتیان: «ئایا دروستە مێرد لەبەر هەر هۆیەک بێت ژنەکەی تەڵاق بدات؟» 4 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە، ئەوەی لە سەرەتاوە بەدیهێناوە ﴿بە نێر و مێ بەدیهێنان﴾ ؟ 5 هەروەها فەرمووی: ﴿لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.﴾ 6 کەواتە چیتر دوو نین بەڵکو یەک جەستەن. لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.» 7 لێیان پرسی: «ئەی بۆچی موسا فەرمانی داوە پیاو تەڵاقنامە بە ژنەکەی بدات و لێی جودا ببێتەوە؟» 8 پێی فەرموون: «لەبەر دڵڕەقیتان موسا ڕێی پێدان ژنەکانتان تەڵاق بدەن، ئەگینا لە سەرەتاوە وا نەبوو. 9 بەڵام پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.» 10 قوتابییەکانی پێیان گوت: «ئەگەر حاڵی پیاو لەگەڵ ژن وابێت، باشترە ژن نەهێنێت!» 11 عیسا پێی فەرموون: «هەموو خەڵکی ناتوانن ئەم قسەیە پەسەند بکەن، تەنها ئەوانەی پێیان دراوە. 12 خەساو هەن زگماکن، خەساویش هەن مرۆڤ خەساندویانن ، خەڵکیش هەیە بڕیاریان داوە لە پێناوی شانشینی ئاسمان وەک خەساو بژین . کێ دەتوانێت پەسەندی بکات، با پەسەندی بکات.» 13 ئینجا خەڵکی منداڵیان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت و لە پێناویاندا نوێژ بکات، بەڵام قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن. 14 بەڵام عیسا فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی ئاسمان هی وەک ئەمانەیە.» 15 دەستی لەسەر دانان و لەوێ ڕۆیشت. 16 ئینجا یەکێک هاتە لای و گوتی: «مامۆستا، چ چاکەیەک بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بەدەست بهێنم؟» 17 عیسا وەڵامی دایەوە: «بۆچی لەبارەی چاکەوە پرسیارم لێ دەکەیت؟ تەنها یەکێک چاکە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت بچیتە ناو ژیانەوە، ڕاسپاردەکان بەجێبگەیەنە.» 18 پێی گوت: «کامیان؟» عیساش فەرمووی: «﴿مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، 19 ڕێزی دایک و باوکت بگرە،﴾ هەروەها ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾ » 20 گەنجەکەش پێی گوت: «هەموو ئەمانەم بەجێگەیاندووە، ئیتر لە چیم کەمە؟» 21 عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر دەتەوێت کامڵ و تەواو بیت، بڕۆ هەرچیت هەیە بیفرۆشە و بیدە هەژاران، ئیتر گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت و وەرە دوام بکەوە.» 22 بەڵام گەنجەکە کە ئەم قسەیەی بیست، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو. 23 عیساش بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: بە زەحمەت دەوڵەمەند دەچێتە ناو شانشینی ئاسمانەوە. 24 دیسان پێتان دەڵێم: ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.» 25 قوتابییەکان کە گوێیان لەمە بوو زۆر سەرسام بوون و گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟» 26 عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «ئەمە بۆ مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.» 27 ئینجا پەترۆس وەڵامی دایەوە و پێی گوت: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین، ئێمە چیمان بۆ دەبێت؟» 28 عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە نوێبوونەوەدا ، کاتێک کوڕی مرۆڤ لەسەر تەختی شکۆمەندی خۆی دادەنیشێت، ئێوەش کە دوام کەوتوون لەسەر دوازدە تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن. 29 هەرکەسێکیش لەبەر ناوی من، ماڵ، برا، خوشک، دایک، باوک، ژن، منداڵ یان کێڵگەی بەجێهێشتووە، سەد ئەوەندە وەردەگرێتەوە و ژیانی هەتاهەتاییش بە میرات وەردەگرێت. 30 بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»
