یونس 2
BIB1 یونس لەناو سکی ماسییەکەوە نزای بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆی کرد، 2 گوتی: «لە تەنگانەمدا هاوارم بۆ یەزدان کرد، وەڵامی دامەوە. لەناو سکی جیهانی مردووانەوە هاوارم کرد، گوێت لە دەنگم بوو. 3 فڕێتدامە قووڵایی، لەناو جەرگەی دەریاکان، لافاو دەوری دام، شەپۆلەکانت بە لێشاو دایانپۆشیم. 4 گوتم: “لەبەرچاوت دەرکرام، بەڵام دەگەڕێمەوە بۆ تەماشاکردنی پەرستگای پیرۆزت." 5 ئاو دەوری دام، تاکو ئەوەی ترس گەیشتە گیانم، قووڵایی دەوری گرتم، گیای دەریا لەسەرم ئاڵا. 6 هەتا بنی چیاکان شۆڕ بوومەوە، بۆ هەتاهەتایە لە زەوی بەندی کردم. ئەی یەزدانی پەروەردگارم، بەڵام تۆ ژیانی منت لە جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە. 7 «ئەی یەزدان، کاتێک گیانم شەکەت بوو، تۆم بیرکەوتەوە، نزاکەم گەیشتە لات، بۆ پەرستگای پیرۆزت. 8 «ئەوانەی بتی پووچ دەپەرستن لە خۆشەویستی خودا بۆ خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە. 9 بەڵام من بە دەنگی ستایشەوە قوربانیت بۆ سەردەبڕم، ئەوەی نەزرم کردووە بەجێی دەهێنم. ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.» 10 ئینجا یەزدان فەرمانی بە ماسییەکە دا، ئەویش ڕشایەوە و یونسی فڕێدایە سەر وشکانی.
