هۆشەع 14
BIB1 ئەی ئیسرائیل، بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە، چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان! 2 ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و بگەڕێنەوە لای یەزدان، پێی بڵێن: «لە هەموو تاوانێک خۆشبە و بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە، بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت. 3 ئاشور ڕزگارمان ناکات. سواری ئەسپ نابین، جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین، “خوداوەندەکانمان،” چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.» 4 «من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە، بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت، چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە. 5 بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم، ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت، 6 چڵەکانی درێژ دەبنەوە، جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت. 7 نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە. وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و وەک مێو دەگەشێتەوە. ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت. 8 ئەی ئەفرایم، لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟ من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم، من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم، بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.» 9 کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟ کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟ چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن، بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون.
