Menu

ژیرمەندی 11

BIB

1 نان بدە بە دەم ئاوەوە، چونکە لە پاشەڕۆژدا دێتەوە ڕێگای خۆت. 2 بەش بدە بە حەوت کەس، بەڵێ، بە هەشتیش، چونکە نازانیت چ کارەساتێک لەسەر زەوی ڕوودەدات. 3 ئەگەر هەور پڕبێت، باران بەسەر زەویدا دەبارێنێت. ئەگەر دارێک بەرەو باشوور بکەوێت یان بەرەو باکوور، ئەو شوێنەی دارەکەی لێ دەکەوێت، لەوێ دەبێت. 4 ئەوەی چاوی لە با بێت ناچێنێت، ئەوەی سەیری هەور بکات دروێنە ناکات. 5 هەروەک نازانیت کامە ڕێگای بایە، یان چۆن کۆرپەلە لەناو سکی دایکیدا شێوەی دەکێشرێت، بە هەمان شێوە ناتوانیت لە کارەکانی خودا تێبگەیت، کە هەمووان دروستدەکات. 6 سەر لە بەیانی تۆوی خۆت بچێنە، سەر لە ئێوارەش دەستت شل مەکە، چونکە نازانیت کامیان سەوز دەبێت، ئەم یان ئەو، یان بەرهەمی هەردووکیان وەک یەک باش دەبێت. 7 ڕووناکی شیرینە و باشە بۆ چاوان کە خۆر ببینێت. 8 ئەگەر مرۆڤ تەمەنێکی درێژ ژیا، با بە هەمووی دڵخۆش بێت. بەڵام با ڕۆژانی تاریکی لەبیربێت، چونکە زۆر دەبێت. هەموو ئەوەی دێت بێ واتایە. 9 ئەی لاو، لە سەردەمی گەنجیێتیت شادمان بە، با لە ڕۆژانی لاویێتیت دڵت خۆش بێت. بە ڕێگای دڵی خۆت و بە بینینی چاوەکانتدا بڕۆ، بەڵام بزانە کە لەسەر هەموو ئەمانە خودا دەتهێنێت بۆ حوکم بەسەردادان. 10 پەستی لە دڵت داماڵە و خراپە لە لەشت دووربخەوە، چونکە نەوجەوانی و گەنجیێتی بێ واتان.

Everything we make is available for free because of a generous community of supporters.

Donate